مافـی پەشــیـمـانـبـوونەوە

کاتێ ئێوە لە دووکانێک کاڵایەک بکڕن مافی پەشیمانبوونەوەتان نیە. بەڵام بە پێچەوانە ئەگەر لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە، یان لە فرۆشیارێکەوە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و یان ئەگەر گرێبەستەکە لە گەڵ فرۆشیار لە دەرەوەی شوینی بازرگانی فرۆشیارەکە پیکهاتبێ ئەوا مافی پەشیمانبوونەوەتان هەیە.

گــرێـبــەست لـە ڕێــگـای دوورەوە

گرێبەست لە ڕێگای دوورەوە گرێبەستیکە کە ئێوە ئەنجامی دەدەن بە بی ئەوەی چاوتان بە فرۆشیار بکەوێ، بۆ نموونە کاتێک لە ئینتەرنێت کاڵایەک بکڕن یان لە ڕێگای فرۆشی تەلەفۆنییەوە.

کـڕیـن لە دەرەوەی شوێنی بازرگانـی فرۆشیار

بۆ نموونە کاتێک فرۆشیارێکی گەسکی کارەبایی لە دەرگەی ماڵی ئێوەدا یان کاتێ کۆمپانیایەک لە تەنیشت فرۆشگاکەی نزیک ماڵی ئێوە راوەستاوە و تەلەفۆنی مۆبایل دەفرۆشێ. ئەگەر ئەو کاڵایەی دەیکڕن نرخی لە ٤٠٠ کرۆن کەمتر بێ ئەوا مافی پەشیمانبوونەوە ناخوا.

فرۆشــیار لەسەریەتی لەبارەی مافی پەشیمانبوونەوە زانیاری بدا بە ئێوە

فرۆشیار دەبی لە پێش ئەوەدا ئێوە کاڵاکە بکڕن لە بارەی مافی پەشیمانبوونەوە زانیاری بدا بە ئێوە. زانیارییەکە دەبی روون بێ و ناوەرۆکەکەی ئێوە ئاگادار کا کە چۆن مافی پەشیمانبوونەوە بەکار بهێنن. بۆ کاتی گریبەست لە ڕێگای دوورەوە فرۆشیار یان زانیاری زارەکی دەدا بە ئێوە یان لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە. ئەگەر کاڵا لە فرۆشیارێک بکڕن لە دەرەوەی شوێنی بازرگانی کۆمپانیاکە پێویستە یان بە نووسراوە یان ئەگەر ئێوە رەزامەندیتان هەبێ بە شێوەیەکی تر کە بکرێ هەم بخوێنرێتەوە و هەم بپارێزرێ زانیاری بدا بە ئێوە.

کەوا بوو داواکاری بۆ پێدانی زانیاری لە کاتی گرێبەست لە دەرەوەی شوێنی بازرگانی کۆمپانیادا کەمێک سەختگیرانەترە، بۆ نموونە لە کاتی فرۆشتنی سەر جادە.

ماوەی پەشیمانبوونەوە کەی دەستپێدەکا؟

ئەو کاتەی ئێوە هەتانە بۆ پەشیمانبوونەوە لە کڕین پێی دەڵێن ماوەی پەشیمانبوونەوە. ئەو رۆژەی کاڵاکە دەگاتە دەستی ئێوە ماوەکە دەستپێدەکا. ئەگەر خزمەتگوزارییەک بکڕن ماوەی پەشیمانبوونەوە لەو رۆژەوە دەستپێدەکا کە گرێبەستە ئەنجامدراوە. زووترین کات بۆ دەستپێکردنی ماوەی پەشیمانبوونەوە ئەو کاتەیە کە ئێوە لە بارەی مافی پەشیمانبوونەوە زانیاری وەردەگرن. ئەگەر فرۆشیار لە بارەی مافی پەشیمانبوونەوە ئێوەی ئاگادار نەکردبێ ئەوا ئێوە یەک ساڵتان ماوە هەیە بۆ پەشیمانبوونەوە.

ئێـوە بۆتان هەیە کاڵاکە تاقیـبـکەنەوە

بۆ ئەوەی دڵنیابن کە کاڵایەکتان دەوێت دەبێ بتوانن تاقیبکەنەوە. بەڵام ئەگەر کاڵاکە بدەنەوە بە فرۆشیار دەبێ دۆخەکەی نەگۆڕابێ. ئێوە بۆتان نییە کاڵاکە بە شێوەیەک بەکاربهێنن و دەستکاری بکەن کە پێویست نەبێ. ئەگەر واتانکردبێ فرۆشیارەکە بۆی هەیە داوای قەرەبوو بکا چونکە نرخی کاڵاکەی دابەزیوە.

ڕابگەیەنن کە لە کڕینەکە پەشیمانن

ئەگەر لە کڕینەکە پەشیمان بن دەبێ بە فرۆشیار ڕابگەیەنن کە پەشیمانن و ئەوەی کڕیوتانە بیدەنەوە. فرۆشیار پێویست ناکا ددانی پێدابێنی کە دەزانێ ئێوە پەشیمانن لە کڕینەکە بۆ ئەوەی مافی پەشیمانبوونەوە ئیعـتیباری هەبێ. هەر وەها پێویست ناکا فرۆشیار لە ماوەی ١٤ رۆژەکەدا کاڵاکەی پێگەیشتبێتەوە.

ئێـوە ئەرکدارن پارەی ناردنەوەی کاڵاکە بدەن

کاتێ ئێوە لە کڕینێک پەشیمان بن دەبی لە ماوەی ١٤ رۆژدا کاڵاکە بنێرنەوە بۆ فرۆشیارەکە. دەبێ خۆتان پارەی ناردنەوەی کاڵاکە بدەن. ئێوە خۆتان بڕیار دەدەن کە بە چ ڕێگایەک کاڵاکە دەنێرنەوە. بەڵام لە بیرتان بێ کە هەتا ئەو کاتەی کاڵاکە دەگاتەوە دەستی فرۆشیار ئێوە بەرپرسی کاڵاکەن.

ئەو کاتانەی کە مافی پەشیمانبوونەوە بایەخی نییە

رێزپەڕی واهەیە کە مافی پەشیمانبوونەوە بایەخی نییە. ئەگەر بۆ کڕینەکەی ئێوە مافی پەشیمانبوونەوە بایەخی نەبێ پێویستە فرۆشیار لەم بارەوە زانیاری بدا بە ئێوە.
چەند نموونەیەک بۆ ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە مافی پەشیمانبوونەوە نایانگرێتەوە:

  • دەنگ یان وێنەی تۆمارکراوی سەر بە مۆر یان پرۆگرامێکی کۆمپیوتەری سەر بە مۆر کە بـەرخــۆر واتە کــڕیار هەڵیپچڕیبێت.
  • رووداوی کولتووری، رووداوی وەرزشی و شتی لەم بابەتانە
  • خزمەتگوزارییەک کە ئەنجامدرابێ و بـەرخــۆر واتە موستەهلیک بە ئاشکرا موافەقەتی کردبێ کە خزمەتگوزارییەکە بە بێ مافی پەشیمانبوونەوە دەستپیبکا.
  • ئەو کاڵایانەی زوو خراپ دەبن، بۆ نموونە خواردەمەنی
  • تاکە ژمارەی رۆژنامە یان گۆڤارێک
  • ئەو کاڵایانەی کە بە پێی داخوازیی بـەرخــۆر واتە کڕیار بە شێوەیەکی تایبت دروستکرابن یان بە روونی مۆرک و خەسڵەتی شەخسییان پێوە دیاربێ

ڕیزپەڕێک هەیە سەبارەت بە ناوەرۆکی دیگیتالی ئەگەر بەرخۆر موافەقەتی کردبێ کە کاڵاکە بە بێ مافی پەشیمانبوونەوە رەوانە بکرێ. ریزپەڕەکە کاتێکە کە ناوەرۆکی دیگیتالی بە شێوەیەکی تر نەک بە شێوەیەکی فیزیکی بگا بە مشتەری. واتە ئەگەر ئێوە فیلمێکی دێ ڤێ دێ بکڕن بۆتان هەیە لە کڕینەکە پەشیمانبنەوە. بەڵام ئەگەر هەمان فیلم لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە سەیر کەن بۆتان نییە پەشیمانبنەوە.

  • سەرچاوە
  • سەرنجدانەوەی بۆکراوە 6 juli 2015

Tipsa om sidan